April 15, 2021
“منداڵبووم حه‌زم له كارى ده‌ستى بوو به تایبه‌تى سیرامیك. چەند ساڵێک لە ئێران ژیاوم و ئەو پیشەیە لەژێر دەستی وەستایەکی فارس فێربووم. زۆر هه‌وڵمده‌دا له كارگایەكى دروستكردنى گۆزه و گوڵدان كاربكه‌م، بەڵام لەبەرئهوهى كوردى باشوور بووم حه‌زیان نه‌ده‌كرد كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م. خواى گه‌وره خهونهكهمى هێنایەدى و له كارگەیەكى سیرامیك وه‌كو پاككه‌ره‌وه دەستبەکاربووم. باشترین كات بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر حه‌ز و خولیاكانم به‌دیبهێنم ئەو کاتانەبوو کە وه‌ستاكه‌م ده‌چوو بۆ پشووى نان خواردن، بیرمدێت ئامێره‌كه كاره‌بایى نه‌بوو به پێ كاری ده‌كرد و ماندووبوونى زۆر بوو، هه‌ندێك قوڕم ده‌هێنا و گوڵدانێكم دروستده‌كرد. هه‌ركاتێك بیزانیایە من چوومه‌ته سه‌ر ئامێره‌كه‌ى زۆر توڕە ده‌بوو. رۆژێكیان وه‌ستاكه‌م ته‌له‌فونێكى بۆ هات و رۆیشتە ماڵەوە، ئه‌و كاره‌ى له به‌رده‌ستى بوو به ته‌واونه‌كراوى جێیهێشت، منیش چووم كاره‌كه‌ى ئه‌وم ته‌واوكرد و 10 دانەی تریشم لەو كه‌لوپه‌له دروستكرد تا گه‌ڕایه‌وه”.
“كه گەڕایه‌وه كۆمه‌لێك گۆزه و گوڵدانى نوێ بینى و به توڕهییەوە له كرێكاره‌كانى تر‌ى پرسى كێ ئهوكارەى كردووه؟، هاوڕێكانم په‌نجه‌یان بۆ من درێژكرد، سه‌ره‌تا زۆرى پێ‌ناخۆش بوو، به‌ڵام دواتر تواناى منى بینى زۆر منى خۆش‌ویست. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك به‌یه‌كه‌وه كارمان كرد تا كات گه‌یشته ئه‌وه‌ى من بگه‌ڕێمه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان و کە ئه‌و ههواڵەى بیست زۆرى پێ‌ناخۆش بوو. كه گه‌ڕامه‌وه وازم له پیشه‌كه‌م نه‌هێنا و ده‌ستم بە كاركردن كردووه. ماوه‌ى نۆ ساڵه ئه‌وه پیشەمە و كوڕه‌كانم له‌ژێر ده‌ستم كارده‌كه‌ن. گۆزه‌گه‌رى بووه‌ته پیشه‌ى سه‌ره‌كى من و بژێوى ژیانى خۆمى پێ دابین ده‌كه‌م. ته‌واوى ئەو كەرەستانەی به‌کاری ده‌هێنم هه‌مووى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، چ له قوڕهكهى بێت یان ئه‌و مادده شووشهیهى كه بۆ ره‌نگكردن و رازاندنه‌وه‌ى گۆزه و گوڵدانه‌كان به‌كارى ده‌هێنم”.