Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 21, 2021

“دوای تەواوکردنی بەشی پەرستاری، هەمیشە خەیاڵم لای ئەوەبوو مافی ئەو نازناوە بدەم کە دراوە بە پەرستار و پێمان دەڵێن(ملائكة الرحمة). هەتا توانیبێتم بەرامبەر نەخۆش و کەسوکاری نەخۆش بەهێمنی و هۆشیارییەوە مامەڵەم کردووە. لەبەرئەوەی نەخۆش هەموو کات بێ جەو و بەئازارن، دەبێ هەمیشە نەرم و نیانیت تێدابێت. پەرستاری زۆر شتی فێری من کرد، هەر لە میهرەبانی و ڕێزەوە بگرە تا دەگاتە گرنگترین شت کە ئەویش ئارامگرتنە. لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێ شتی ناخۆشی هەیە بۆ نموونە زۆر ناخۆشە کاتێک هەواڵی مردنی نەخۆشێک بە خاوەنەکەی ڕادەگەیەنیت. زۆر حاڵەتی دەگمەن و تراژیدیم بینیووە لە ماوەی چەند ساڵی کارکردنم، بەڵام هیچی وەک ئەو جارە نەبوو کە ڕۆژێک منداڵێکی 12ساڵانەیان هێنا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو بوو و خوێنبەربوونی ناوەکی هەبوو. حاڵی یەکجار خراپ بوو و کار گەیشتە ئەوەی دەبوو بەخێرایی ئیحالەی دەرەوەی هەڵەبجە بکرێ. لەڕێگا دوو جار دڵی وەستا، بەڵام بەهۆی بووژانەوەی دڵ هێنامانەوە. بەداخەوە لە چرکەساتی گەیشتنمان گیانیلەدەستدا. هەرگیز ڕووخساری ئەو منداڵە مردووەم بیرناچێتەوە”.