Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 22, 2021

“ناخۆشترین و قورسترین کات کە پێیدا تێپەڕیووم لە ماوەی 14 ساڵی ژیانمدا ئەو کاتە بوو کە تاکە براکەم سەفەری کرد بۆ کوردستانی باشوور. بەهۆی ئەو جەنگەی لە شارەکەماندا دەگوزەرێت دایکم و باوکم براکەمانیان نارد بۆ کوردستانی باشوور. کۆتا ڕۆژی پێش سەفەرکردنی زۆر بێتاقەت بووین، بیری براکەمان دەکرد،. ئەو پارێزەرمان بوو، ڕاهاتووین کە دایمە لەگەڵماندا بێت، لەگەڵماندا دەهات بۆ خوێندنگە، لەگەڵمان بوو لە کاتی یاری و خۆشیدا، تاکە پارێزەرمان بوو کاتێک تووشی شتێک دەبووین لە ژیانماندا. ئێوارەکەی دایکم کەلوپەلەکانی براکەمی کۆکردەوە بۆ سەفەرەکەی، بەیانی زووەکەی هەستاین بۆ ئەوەی بیگەیەنینە سەر سنوور، قورسترین ڕۆژی ژیانم بوو تا ئێستا. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و سەرەڕای بوونی پەیوەندیشمان بەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی هێشتا ڕانەهاتووین لەگەڵ دووری براکەم. هیوادارم براکەم بەزووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەمان و هەموو ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیان دوورن بگەڕێنەوە”.