Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 3, 2021

“لەپاش تەواو بوونی شەڕی برا کوژی بێ ئیش و کارییەکی تەواو ڕووی لەکوردستان کرد، ژیان هەر دژوارو سەختتر دەبوو. بۆیە بڕیارم دا لەگەڵ برادەرێکم بچمە ئێران بۆ ئیشکردن. ماوەیەک لەوێ لە کارگەی کورە کارمان دەکرد. کاتی کارکردنمان یەکجار زۆر بوو، بۆیە زۆرجار بێزار دەبووین لە خۆمان و لەگەڵ برادەران دەچووینە گەشت و گەڕان، ناوچەیەک هەبوو پێیان دەگوت (سەراب) لەبەر زۆر چونم بۆ ئەوێ ناویان لێنام (عومەر سەرابی)، تا ئێستاش ئەوە بووە نازناوم. بەڵام هەموو ئەو شتانە بێزاری منیان کەمنەدەکردەوە لەوێ. بۆیە ئیتر بڕیارمدا بچمە تورکیا و ئەزموونی ئەوێش تاقیبکەمەوە. فەترەیەکی زەمەنیش لەوێ گیرسامەوە و بڕیارمدا زیاتر ئیش بکەم و لەوێوەوە بچمە ئەوروپا. چەند جارێک بەڕێگای قاچاخ دەمویست دەربچم و قسمەت نەدەبوو. ئیتر دووبارە دەبوایە ئیش بکەم و پارە کۆبکەمەوە بۆ ئەوەی دووبارە لەوڕێگایە بدەمەوە. ڕۆژێکیان لە ئەستەنبوڵ لەکارگەیەک ئیشمدەکرد. ئامێرێکی بەرزکەرەوای قورسایی هەبوو لەوێ شتی قورسی دەگواستەوە بۆ سەرەوە. لەناکاو لە بەرزایدا ئەو ئامێرە پچڕا و هاتە خوارەوە بەناوەندی پشتم کەوت”.

“لەتاو ئازاری زۆر لەهۆش خۆم چووم. کە بەئاگاهاتمەوە لە خەستەخانەیەک بووم حاڵم زۆر خراپ بوو. لەوە خراپتر ئەوەبوو کە دکتۆرەکە پێی گوتم بەداخەوە دڕکە پەتکت پساوەو قاچەکانت لەمەولا کار ناکەن! دەردی دووری لە ئازیزانم و تەنیایم لەوێ و ئازاری جەستەم و لەدەستدانی قاچم بۆ تا هەتایی هەمووی تێکەڵ ببوو. خوا دەزانێ ئەو هەموو شتە چ حاڵەتێکی دەروونییان بۆ من دروستکردبوو. قەت ئەوەم بیر ناچێ خانمە پەرستارێک لەوێ بوو، زۆری ئاگای لێم بوو، ڕۆژانە ڕاهێنانی جەستەی پێدەکردم. ئیتر مانەوەم لەوێ هیچ بەهای نەما بڕیارمدا بگەڕێمەوە کوردستان. کەهاتمەوە کەس بەقەد دایکم حاڵی پەرێشان نەبوو بۆم. ئیتر کەمن بوومە مرۆڤێکی کەمئەندام بڕیامدا ئەو خولیا هونەرییەی کە لەکۆندا هەمبوو، ئیتر دووبارە ئاوێتەی ببمەوە. بە کێشانی پۆرترێت و سروشت دووبارە وامکرد وردە وردە لەگەڵ ئەو دۆخەی تێیدام ڕابێم. لەگەڵ ئاشنابوونمان بەسۆشیاڵ میدیا کارەکانم پۆست دەکرد. خەڵکانێکی زۆر ئاشنام بوون لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، دەهاتنە سەردانیم، وێنەیان لەگەڵ دەگرتم و چیرۆکی منیان گوێ دەگرت و دەیاننووسییەوە”.

“خانمێکم ناسی بەهۆی کارەکانم خۆشیویستم. منیش زۆرم خۆشویست و پەیوەندییەکی سۆزداری زۆر جوانمان دروستکرد. ڕۆژانە بە کامێرا قسەمان دەکرد و لەگوزەرانی یەکتر ئاگاداربووین. هاتنی ئەو خانمە بۆ ناو ژیانم ئومێدێکی گەورەی پێبەخشیم، ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ لەبەر چاوم جوانتر دەبوو. بەڵام بەداخەوە خوشکێکی ڕێگر بوو لە هاوسەرگیریمان. کە پێی وابوو ڕەوا نیە کچێکی ساغ هەموو ژیانی لەگەڵ کەمئەندامێک بەڕێبکات. ئەو فیراقە دووبارە دۆخی ژیانی تێکدام و وێرانی کردم. قسە نەگوتراوەکانی ناخم و ئازارەکانم و توڕەییەکانم بە ژەنینی شمشاڵ دەردەخەم. برازاکانم لەباوەش دەکەم، ڕۆژانە دەیانبینم، بەگشتی منداڵ زۆر ئارامم دەکاتەوە. بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە نابێت بیشارمەوە کە فریاد ڕەسی من لە ئێستادا فڵچە، تابلۆ، شمشاڵ، ڵایک وکۆمێنتی خەڵک نین. بەڵکوو ئەو کۆترانەن کە ڕۆژانە دێنە سەر دەست و قاچم و بۆنی ئازادییان لێدەکەم”.