Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 9, 2021

“تەمەنم 67 ساڵە و تاوەکو ئێستا نەچوومەتە قوتابخانە. دەبێت هەموو کات پشت بە خۆت ببەستیت، تا ئێستا بیرم نایه‌ت رۆژێك کارم نەبووبێت. داواشم له‌ كچان و كوڕانی ده‌رچووی خاوه‌ن بڕوانامە ئەوەیە ته‌نیا پشت به‌ دامه‌زراندن نه‌به‌ستن. ده‌بێت مرۆڤ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی بدات، چونكه‌ خودی هه‌موو مرۆڤێک تاقه‌ت و هزرێكی شاراوه‌ی هه‌یه‌ ده‌بێت ده‌ری بكات تاوەکو بوونی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و بژێوی خۆی پێدابین بكات. ساڵی 1974 چوومە شاخ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌وکاتە مووچه‌كه‌م پێنج دینار بوو، بەڵام ئێمە‌ پێشمه‌رگایه‌تیمان بۆ كوردایەتی ده‌كرد و لەبەر پاره‌كه‌ نه‌بوو. ئه‌وکات خه‌ڵک وەک ئێستا بێڕەحم نەبوون و بە قەناعەت بوون. دڵخۆشبووین و به‌ هه‌ره‌وه‌زی هاوكاری یه‌كترمان ده‌كرد به‌بێ به‌رامبه‌ر. ئێستاش مووچه‌یەكی خانه‌نشینیم هه‌یه‌ کە ته‌نیا به‌شی جگه‌رەکەم ده‌كات. كاری فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وەر‌یش ده‌كه‌م و پیكابێكم هه‌یه‌ هه‌موو ڕۆژێک روو له‌ مەیدان و بازاڕ‌ی شارێک ده‌كه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی قاز، مراوی و مریشکەکان. ژیان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وەر‌ زۆر سوودبه‌خشه‌وه‌ و ژیانێکی خۆشم هەیە”.