Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 18, 2021

“17 ساڵ لەمەوپێش گه‌نج بووم و ژنم نه‌هێنابوو، ماڵم له‌ گه‌ڕه‌كى گۆراڤا بوو. خانووه‌كانى ئەو گەڕەکە كۆن بوون و ئۆتۆمبێل نه‌ده‌گه‌یشتە کۆڵانەکان تا کەلوپەل و زبڵ و خاشاک بهێننە خوارەوە. لە شارەوانی بە گرێبەست بوومە کارمەند و به‌ گوێدرێژ شارم پاک ده‌كرده‌وه‌ و خواردن و كه‌رەسته‌ى بیناسازیشم به‌ گوێدرێژ ده‌هێنایە سه‌ره‌وه‌. خه‌ڵک پێیان دەگوتم ئه‌م كاره‌ مه‌كه‌، تۆ گه‌نجیت و كه‌س ژنت پێنادات. به‌ چاوێكى كه‌م سەیریان دەکردم و گاڵته‌یان پێده‌كردم. خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا خاوه‌نی خێزانم و چوار منداڵم هه‌یه‌. بەهۆی ئەوەی کوڕی گەورەی ماڵ بووم و باری ئابووریمان خراپ بوو، مەکتەبم تەواونەکرد و تا پۆلی چواری سەرەتاییم خوێندووە. له‌و ساته‌وه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌م هه‌ڵبژاردووە و زۆریش پیشه‌كه‌ى خۆم خۆشده‌وێت، گوێ نادەمە گاڵته‌ى كۆمه‌ڵگە و ته‌نیا پێیان ده‌لێم خوا خێرتان بنووسێت. له‌ ئێستادا به‌ چوار گوێدرێژ لە هه‌ردوو گه‌ڕه‌كى (گۆراڤا و چوسته‌یى) كارى پاكکردنەوە و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاک دەکەین و نه‌خۆش و پیر و په‌كکه‌وته‌ش ده‌گەیەنینه‌ خواره‌وه‌ تا ئه‌و‌ شوێنه‌ى ئۆتۆمبێل ده‌یگاتێ”.