Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 22, 2021

“كاری هونه‌ریم به‌ ئه‌كادیمی نه‌خوێندووه‌ به‌ڵام ماڵپەڕی یوتیوب به‌ مامۆستای خۆم ده‌زانم، چونكه‌ سه‌ره‌تا له‌ یوتیوبه‌وه‌ فێری كاره‌كه‌ بووم. زۆر سه‌رسامم به‌ نیگاركێشە بیانییەکانی وەک (پیكاسۆ- ڤان كوخ – لیۆناردۆ داڤینشی) له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ داهێنانیان له‌ شێوەکاری كردووه‌.‌ لای منیش بووه‌ته‌ خولیا کە له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌وان به‌رده‌وامبم و ڕێگایەكی تایبه‌ت به‌ خۆم بدۆزمه‌وه‌ تاوەکو هاوشێوه‌ی ئه‌وان ناوداربم. هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك نهێنییەکی خۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی وێنەکێشاندا، خه‌یاڵێكی له‌ مێشكدایه‌ له‌ ڕێگای فڵچەکەوە ده‌ریده‌بڕێت. من له‌ سه‌ره‌تادا کە تابلۆم دروستده‌كرد پێنج باڵندەی بچووکم وه‌كو نهێنی كاره‌كه‌م دروستده‌كرد و زۆرجار له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و باڵندانه‌وه‌ خه‌ڵک كاره‌كانی منی ده‌ناسییەوه‌. هەندێکیان وه‌كو دیاری دەبەخشم، هه‌ندێكیشیان داوام لێده‌كرێت به‌ پاره‌ دروستی ده‌كه‌م. به‌ڵام بۆ هه‌موو كارێك وایه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌ركه‌وتووبیت له‌ كاره‌كانت، ده‌بێت قوربانی بده‌یت به‌شێك له‌ كاره‌كانت وه‌كو دیاری بده‌یته‌ خه‌ڵكانێك کە خولیای هونه‌ریان هەیە‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانت بکەن و ڕەخنه‌ و تێبینی له‌ تابلۆكانت ده‌ستنیشان بكات بۆ ئه‌وه‌ی تۆ زیاتر خۆت ماندووبكه‌یت و ئه‌و‌ هه‌ڵانه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌”.