Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 29, 2021

“پازدە ساڵم بوو کە مێردم کرد، بە دڵی خۆم نەبوو و خۆشم نەبوو. هەر لە سەرەتای ژیانەوە کێشە و گیروگرفت دەستیپێکرد و ساڵێکی نەخایاند کە لەیەکتر جودا بووینەوە. لە کۆمەڵگەی ئێمە بە تایبەت لە گوندەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ بە ژنی موجەرەد تەماشا دەکەن، یانی وا بیر ئەکەن تاوانبارین بۆ ئەوەی کە ژیانمان شێواوە. زۆر سەختە لە ناو ئەمانە ژیان بەسەربردن و مەعەزەب دەبی. رۆژێک هەیە لە ژیانم کە هیچکات لە بیری ناکەم، داواکارێکم بۆ هاتبوو و منیش گوتم مێرد ناکەم و حەزم نییە لە ژیانی هاوبەشی. هەر ئەوکاتە دانەیەک لە خزمەکانمان هات و گوتی بۆ مێرد ناکەی نانی شوو و مێردەکەت زۆر بێمنەتترە لە نانی بابت. ئەو کاتە وەختبوو قەلبم دەربێت ئەوەندە ژیان لام ناحەز بوو. پێم سەیربوو باب بۆ نان دان بە منداڵی خۆی ئەبێ منەت لە سەری دابنێ. هەر لەو رۆژەوە بڕیارمدا کە لەسەر پێی خۆم راوەستم و دەستمکرد بە ئیشوکار، لە کەناری ئەوەش دەستمکرد بە دەرس خوێندن. کە کارەکەم دەستیپێکرد بۆ خۆم ژیانی تازەم دروستکرد. ئێستا من بە ئیفتخارەوە لەناو کومەڵگا ژیان بەسەر ئەبەم و ئەوەی کە دەستم لە گیرفانی خۆمدایە ئازادیشی پێمداوە”.