Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

June 2, 2021

“بەپێی ئەوەی چەندین ساڵە لە کەرتی تەندروستی خزمەت ئەکەم، زۆر حاڵەتی سەیرم بینیوە بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە. هەموو کات تا توانیبێتم یارمەتی نەخۆشم داوە ئەگەر لە توانای نەخۆشخانەکەشمان نەبووبێت. ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی هاوڵاتییە بۆیە کە دەبینین نەخۆش و خاوەن نەخۆشێک لێمان ڕازین و دواتر بە چەپکەگوڵێک یان بەقسەیەکیش سوپاسمان دەکەن، گڕوتینی خزمەتکردنمان زیاتر دەبێت. ڕۆژێک لەکاتی چوونم بۆ دەوام لەناو نەخۆشخانە بینیم مناڵێکی (شلل دماغ) لەباوەشی خوشکەکەی بوو، بەپێی ئەوەی دەزانم ئەرکی ئەم نەخۆشانە زۆر قورسە بڕیارمدا مەسرەفی ئەم مناڵە چ لەڕووی ژیانکردنییەوە تا تەندروستی لەسەر من بێت. ڕۆژگار هات و ڕۆیشت ڕۆژێک کەسێکی بەڕێز هاتە ژوورەکەم و گوتی من باوکی مناڵە نەخۆشەکەم و هاتووم سوپاست بکەم لەپای ئەو هەموو چاکەیە و دەمەوێ پێت بڵێم خوا بۆخۆی بردیەوە. ناتوانم شوکرانە و سوپاسگوزاری و بەئەمەکی ئەو پیاوە هەرگیز لەبیربکەم. هەمووکات سوپاس و دوعاکانی بۆ من وایان لێکردووم قەت سڵ لە چاکەکردن نەکەمەوە”.