Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

June 8, 2021

“بارودۆخی دارایی ناچاری کردم کارێک بکەم کە زیاتر پیاوان خەریکین. هاوسەرەکەم کرێکار بوو، بەڵام ئەو ماوەیەی جەنگ بوو کاری نەما. هیچ کەس نەیدەویست کە خانوو یان باڵەخانە دروستبکات لەو بارودۆخەدا، ئەمەش وایلێکردم کار بکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیان پەیدا بکەم. دەستمکرد بە کارکردن لەسەر عەرەبانەی منداڵەکەم، چەند کەرەستەیەکی سەرەتاییم تێدەکرد و بە شەقامەکاندا دەگەڕام بۆ ئەوەی بیفرۆشم، منداڵەکەم بە دەستێک دەگرت و بە دەستەکەی تریش عەرەبانەکەم پاڵدەنا، وردە وردە وەزعمان باشتر دەبوو، دەغیلەیەکم کڕی بۆ ئەوەی پارە کۆبکەمەوە و گوارە بۆ تاقە کچەکەم بکڕم. دواتر بڕیارمدا ماتۆڕێکی سێ-تایی بکڕم چونکە زۆربەی موشتەرییەکانم داوایان دەکرد کەرەستەی تریش بێنم و لە عەرەبانەکەدا جێگای نەدەبووەوە، پارەی پێویستم پێنەبوو بۆیە ناچاربووم کە دەغیلەی کچەکەم بکەمەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پارەکە تەواوی نەدەکرد، بۆیە بەشێک لە پارەکە بە قەرز وەرمان گرت، بە چەند ڕۆژێک فێری لێخوڕینی بووم، دوای ئەوەش هاوسەرەکەم کاری دەستکەوت”.

“دەستمکرد بە کارکردن بە ماتۆڕە سێ -تاییەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و گەڕان بە هەموو شوێنەکانی حەسەکەدا لەپێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم. مێردەکەم زۆر پاڵپشتی دەکردم بۆ کارکردنم بەڵام خانەوادەکەم و دراوسێکانمان هەموویان هاوڕا نەبوون، هەندێکیان پاڵپشتیان دەکردم و هەندێکیان ڕەخنەیان لێدەگرتم دەیانوت ئافرەت نابێت ئەم کارە بکات، بەڵام من هەر بەردەوام بووم، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 10 ساڵ دەکات من ئەم ماتۆڕە لێدەخوڕم و بژێوی خێزانەکەمی پێپەیدا دەکەم. زۆر شانازی بە خۆمەوە دەکەم و ئیرادەم زۆر بەهێزە. هاوینان قاڵبی سەهۆڵ دەفرۆشم و مانگەکانی تر پێداویستی منداڵان و سەوزە و میوە دەفرۆشم. کاتێکیش ماتۆڕەکەم تێکدەچێت خۆم چاکی دەکەمەوە. نابێت منداڵەکانم عەبدی عادات و تەقالیدەکان بن، توانیم لەڕێگەی کارەکەمەوە باری داراییم باش بکەم. هیچ عەیبێک لەم کارەمدا نییە، ئەگەر ئەم کارەم نەبوایە، کێ یارمەتی دەدام؟ ئیرادەی کارکردنم ئەم هێزەی پێبەخشیم”.