Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 4, 2021

“تەمەنم دوو ساڵان بوو کاتێک دایکم کۆچی دوایی کرد، بۆیە خوشکە گەورەکەم ناچاربوو بەخێومان بکات، جلەکانی بۆ دەشۆردین، بەیانیان زوو هەڵدەستا لە خەو بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ ئێمە و باوکمان. وەک دایک وابوو بۆمان، هەستمان بەوە نەدەکرد کە دایکمان لەدەستداوە لەبەر ئەوەی هەموو شتانەی دەکرد کە دایکەکان دەیکەن. دوای چوار ساڵ لە بەخێوکردنمان خوشکەکەم شووی کرد، باوکم هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی تر کرد کە زۆربەی کاتەکان بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، دوای ماوەیەک من و خوشکە بچووکەکەم چووین لای براکەم بژین، بەڵام ژیان لەگەڵ براکەم و ژنەکەی باش نەبوو، بەڵام لە باوەژنەکەمان باشتر بوو. دواتر ئێمە هاوسەرگیریمان کرد، ئێستا دایکی سێ کچ و سێ کوڕم و بووم بە نەنکیش. ئەو تاتۆیانەی لەسەر دەموچاویشمە زۆربەی ئافرەتی کورد تاتۆیان هەیە لەسەر دەموچاویان، کاتێک تەمەنم پێنج ساڵان بوو خوشکە گەورەکەم پێش هاوسەرگیرییەکەی چەناگەمی تاتۆکرد، ئەو کاتە منداڵ بووم و نەمدەویست تاتۆ بکرێم، دواتر دەستیشمم تاتۆ کرد، بەڵام ئێستا ئافرەتان تاتۆ ناکەن لەسەر دەموچاویان ئەو عاداتە خەریکە نامێنێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت”.