Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 5, 2021

“تەمەن دەڕوات و شەرم لەکەس ناکات، من چەندین ساڵ کاری حەماڵیم کرد، ئەوەی هەرگیز بیرم لێنەدەکردەوە قورسیی ئیشەکە و ژمارەی ئەو شتانە بوون کە بە شان بەرزم دەکردنەوە. بەداخەوە ئێستا نەهێزم ماوەو نەکاتم لێدەڕوات. چەند ساڵێکە پاسەوانی کارگەیەکم، هەموو کاتەکانم لەگەڵ تەنیایی خۆم بەڕێدەکەم و خۆم قسەکەرم و خۆشم گوێگر. شوکرانەی خوا دەکەم کە خاوەنی کارگەکە زۆر ڕێزم دەگرێ و یارمەتیدەرمە بەڵام هیچی ناگات بەوەی شەوێک بە ئیسراحەت لەناو ماڵ و منداڵی خۆت بە ئیسراحەت بخەویت. کۆمەڵێک کۆتر و مریشکم ڕاگرتوون و بەخێویان دەکەم، ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ کە بڵێم بەقەد منداڵەکانم خۆشمدەوێن. ڕاستە جیهانی ئێمەی مرۆڤ و گیانلەبەران دوو جیهانی جیاوازن بەڵام تاوەکو تێکەڵیان نەبی نازانی چەندە لێمان تێدەگەن و چەندە هۆگری دروست دەبێ لەنێوانمان. هەرجارێک مریشکێکم کورک دەبێت و هێلکەکانی دەتروکێن و فەرخە هەڵدێنن هێندەی وەرگرتنی مەعاشەکەی سەرەمانگانم دڵخۆشم دەکات”.