Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 5, 2021

“30 ساڵە هەموو رۆژێک سەردانی مزگەوتی گەورە ئەکەم و لەوێ نوێژەکانم دەکەم. هەر 30 جوزئەکەی قورئانم لەبەرە. بیرمە چاوم ساغ بوو و لە لادێ دروێنەی گەنم و جۆم دەکرد و دارم دەبڕییەوە، بەلام کە چاوم لە دەستدا زۆر ناخۆشبوو ئیتر نەمتوانی هیچ بکەم. ساڵی 1953 هەردوو چاوەکانم بەهۆی چاوئێشەوە لەدەستدا. بڕوام بەوەنییە جارێکی تر چاوم چاکبێتەوە چونکە گلێنەکەشی نەماوە، بەڵام ئەوە مەیلی خوایە و ئەگەر بیەوێت لە بەردیش چاو دروستدەکات. ساڵی 1959 چوومە داوای ئامۆزایەکی خۆم و هاوسەرگیریمان کرد، خزمەتێکی زۆر باشی دەکردم و شکور بۆ خوا پێنج کوڕ و پێنج کچم هەیە. هەموویان باش ئاگایان لێمە و تا ئێستا هەستم بەوە نەکردووە کە چاوم نییە و زۆر خزمەتم دەکەن. رۆژی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە دەچوومە مزگەوت بۆ ئەوەی بانگ بدەم، گەیشتمە بەر دەرگای مزگەوتەکە و دەنگی تەیارە پەیدابوو، هەموو خەڵکەکە ڕایانکرد و منیش کوڕەکەم دەستی گرتم و چووینە ژێرزەمینێکەوە. خزم و کەسێکی زۆرم بەهۆی کیمیاییەوە لەدەستدا. ئەگەر بیناییم هەبوایە حەزمدەکرد ئەولیاکان ببینم، کاک ئەحمەدی شێخ و هەموو ئەو خەڵکە ببینمەوە کە دەیانناسم”.