Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 9, 2021

“تاقانەبوون ئەو کاتانە زیاتر هەستی پێدەکرێت کە خەڵک و دەروبەرت هەموو کات پێت دەڵێنەوە و بەبیرت دەهێننەوە کە گوایە تۆ کەسێکی تەنیا و بێ پشتیت. دەنا من تاقانەم و هەموو کات پێم وابووە کە مرۆڤ خودی خۆی پاڵپشتی خۆیەتی لەهەموو ڕوویەکەوە. بۆیە تۆ کەپێتوابوو کە خاوەنی برایەکی زۆر بوویت، ئیتر نوقسانیت لەهیچ شتێک نابێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان تۆ کەسێکی کامڵیت. لێرەوە من پێت دەڵێم زۆر هەڵەیت. سەد برا بەقەد دایک و باوک ناتوانن ببن بەچەتری سەر سەرت. تاقانەیی هەتیوی نییە، بێ دایک و باوکی هەتیوییە… زۆر جار گوێمان لەخەڵک دەبێت پێیانوایە کەسی تاقانە کەسانی لاوازن. من وەک خۆم ڕێک ئەوە بەپێچەوانەوە دەبینم. لەبەر ئەوەی تۆ هەر لەتەمەنێکی زووەوە هەست بەوە دەکەی کە دەبێت لەسەر قاچەکانی خۆت بوەستیت. بۆیە دەمەوێ بەهەموو تاقانەکانی هاوشێوەی خۆم بڵێم: ئێمە مرۆڤگەلێکی بەهێزین، خۆمان پشت و پەنای خۆمانین”.