Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 27, 2021

“خه‌ڵكى دێى بنارى كوسره‌تم له‌ لێوار ده‌ریاچه‌ى دوكان. لەوەتەی خۆم ناسیووە نەچووم بۆ قوتابخانە و ژیانم لەسەر کشتوکاڵ بووە. بە چاندنی توتن و گوڵەبەڕۆژە و شووتی بژێوی ژیانی خۆم دابیندەکەم و سووکە مووچەیەکی پێشمەرگایەتیشم هەیە. بەڵام لەئێستادا جوتیاری دەکەم و لە کێڵگەکەم سەرقاڵی بەخێوکردنی گوڵەبەڕۆژەم کە ئەمساڵ زیاتر لە ١٢ دۆنم زەویم کردووەتە گوڵەبەڕۆژە. پەشیمانم لەوەی نەچوومەتە قوتابخانە بەڵام دڵخۆشم بەوەی پێنج کوڕم هەیە و هەموویان خوێندوویانە. هەرچەند زۆر هەوڵم لەگەڵیاندا بەڵام تەواویان نەکرد. جیاوازی ئەوان لەگەڵ من و دایکیان ئەوەیە ئەوان خوێندنەوە و نووسین دەزانن و ئێمەش نەخوێندەوارین. بەڵام خۆمان سەرقاڵ کردووە بە کشتوکاڵەوە و بەروبوومەکانمان لە سلێمانی و پشدەر ساغ دەکەمەوە و خێزانەکەی پێ بەخێو دەکەم”.