Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 3, 2021

“بەپێی قسەکانی دایکم بێت ئەو کاتەی لەدایکبووم مشتومڕێکی زۆر کراوە لەسەر ئەوەی چ ناوێکم لێ بنێن. دواتر بە خواستی پورەکانم ناوێک بۆ من هەڵبژێردراوە کە بریتیبووە لە ناوی (زیاد). هۆکاری ناونانم بەو ناوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پورەکانم عاشقێکی سەرسەختی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد)بوون. هەروەها باوکیشم کە ناوی (ئەسعەد)ە زیاتر گونجاو بووە. لەڕاستیدا من کێشەم لەگەڵ ناوەکە نییە و تاڕادەیەک لام خۆشە. ئەو کاتانەی کە منداڵبووم لەکۆڵان هاوڕێکانم دەیانگوت ئەوە ناوی(زیاد ئەسعەد)ە. زۆر لام ئاسایی بوو، ئەوکاتیش پێم وانەبوو کە ئەو هونەرمەندە بەو شێوەیە بەناوبانگە. دواتر کە قۆناغەکانی خوێندنم بڕی و تێکەڵی خەڵکی زیاتر و میدیاکان بووم ئینجا زانیم که هۆکاری چی بووە ئەو خەڵکە ئاوا ئەو هونەرمەندەیان خۆشدەوێ. بەڵام لێتانی ناشارمەوە من گوێگری ئەو نیم و گۆرانیەکانی دڵخوازی من نین. بەڵام حەزم لێیە جارێک لە نزیکەوە بیبینم و پێی بڵێم: تۆ ئەو کەسەی کە من بە ناوی تۆوە ناونراوم”.