Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 21, 2021

“لە ١٩ ساڵییەوە مامۆستای شێوەکاری منداڵان بووم و حەزم لە چێشتلێنان، دیزاین و وێنەکێشانە. منداڵەکان بە خاتوو سورەیا بانگمدەکەن، ئەوان زۆر بە میهرەبانی منیان خۆش دەوێت. ژیانی هاوبەشم هەم زیانی لە هونەرەکەم داوە هەم لە خۆم، تووشی دنیایەکی پڕ لە خەمۆکی بووم و دوو مانگ لە ماڵ دەرنەچووم. بەڵام دووبارە دەستمپێکرد و ئەمجارە بە شێوازێکی نوێتر. شوێنێکی بچووکم بەکرێ گرت کە لە ژێرزەمیندا بوو، لەوێ وانەم دەگوتەوە و وێنەم دەکێشا. ٣ ساڵ لەوێ بووم و ژمارەی قوتابییەکانم لە ١٠٠ کەس تێپەڕی و ژێرزەمینەکەش چیتر وەڵامدەرەوە نەبوو. مۆڵەتی قوتابخانەی پیشەییم وەرگرت و بەشێوەی فەرمی درێژەمپێدا و تا ئێستا ۱٥ خوێندکارم دیپلۆمی ڕێزلێنان و مەدالیای ئاڵتوونی نێودەوڵەتییان لە بیلاروس، بولگاریا، سلۆڤینیا، ژاپۆن، ئیسپانیا وەرگرتووە. تەنیا ئاواتم ئەوەیە کە پێشانگای منداڵەکانم لە هەموو شارەکان پێشکەش بکرێت. لە خەونەکانمدا بە پاسکیل سەفەر دەکەم و فۆتۆگرافی دەکەم و لەسەر خواردن و بەهاراتی شارەکان کە نەچووم دەنووسم”.