Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 9, 2022

“زۆر منداڵ بووم کە شووم کرد. بەڵام ناچار بووم! چونکە بابەتەکە ژن بە ژنە بوو. زۆرجار هاوسەرگیری دەبێ کردنەوەی دەروازەی خێر بۆ مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە بۆ من پێچەوانەوە بوو. فەترەیەک دوای شوکردنم ئەو برایەی ژنم بۆ کردبوو، ماڵئاوایی کرد و مرد بەداخەوە. مردنی ئەو برایەم بوو بە برینێک قورس بوو ساڕێژ ببێ. سۆز و خۆشەویستی تاقە کوڕەکەم وای کردبوو بتوانم دان بە خۆم دابگرم. ئەوە جگە لەوەی قورسی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەمان ئۆقرەی لێ بڕیبووین. لەگەڵ ئەو بێپارەیی و هەژارییە، مێردەکەم تووشی دەردێک بوو عیلاجی لە هیچ کوێیەک نەدەکرا! هیچکات ئەو شەوەم بیرناچێ کە کۆتایی شەوی ئەو بوو لە ژیان. ئەو شەوە تا بەیانی خەریکی دۆشاو کردن بووم، زۆر هیلاک ببووم. کە بانگی فەرموو گوتم:حەسەن با نوێژەکەمان بکەین و بخەوین. گوتی ژانم گەلێک زۆرە ناتوانم بخەوم، هاوار و ناڵەی دەگەیشتە ئەو پەڕی دونیا، کەچی بەهۆی نەبوونییەوە نەمئەزانی ڕوو لە کوێ بکەم. ناچار دراوسێیەکمان هات و هەندێ پارەی پێدام لەگەڵ ئەسپێک تا بیگەیەنمە شار. کەچی بەداخەوە لە نیوەی ڕێگا مرد و بۆ هەتاهەتایی تەنیای کردم”.