Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 19, 2022

“مهەندێجار تەواوی هەفتەکە لە کارم، ئیتر ئەوە ئیشە و ناچارم دەبێ لەگەڵی بڕۆم. شێوازی ئەو کارکردنە لەگەڵ پێشوودا تەواو گۆڕاوە. ئێستا موشتەری لۆکەیشنەکەی دەنێرێ و منیش زۆر بەئاسانی و بەخێرایی خواردنە دڵخوازەکەی بۆ دەبەم. لەسەر ماتۆڕەکەم سەدان خەیاڵ دەکەم تا دەگەمە شوێنی مەبەست، تەواو تێکەڵی شەقامەکانی شار بوومە، گوێگرتنم لەگۆرانی بەقەد ماتۆڕەکەم هاوکارمە تا دەگەمە جێی مەبەست! ئاخر مۆسیقا نەبێ کێ دەتوانێ تەحەموولی جەنجاڵی شەقام و بای ساردی سەر ماتۆڕ و سەرما و گەرمای وەرزەکان بکات؟! شەوێک خواردنم بۆ موشتەرییەک دەبرد، قەت ئەو شەوەم بیر ناچێ چونکە زۆرم برسی بوو. لەترافیک وەستابووم، لەناکاو سەیری ئاسمانم کرد مانگم بینی، شێوەی زۆر لە پیتزا دەچوو. خەریک بوو لادەمە سەر شەقام و پیتزاکە دەربێنم و بیخۆم… دواتر خەیاڵەکەم لەخۆم تێکدا، گوتم ئەوە من خەریکم چی دەکەم؟! ئەوە خەیاڵێک بوو لەو خەیاڵانەی بەردەوام لەسەر ماتۆڕ و لەکاتی لێخوڕین بۆم دروستدەبن”.