Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 16, 2022

“کورد لە بەلاش نەیگوتوە: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە. لە دایکبووی ئەم گوندەم. خوێندن، شوانی و گەورەبوون و پێشمەرگایەتیم بەرەو چەندەها گوند، قەزا و ناحیە و شاری تری بردم. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارمدا کۆتایی ژیانم هەر لەو شوێنە بێت کە سەدان یادگاری جوانم تێیدا هەیە. ژیان لە ئێستادا بۆ پیری وەک ئێمە تەنیا تێپەڕینی رۆژەکانە. کێشەی تەمەندرێژی بینینی مەرگی ئازیزانە، نوێژی بەکۆمەڵ و چوونە گۆڕستان کاری ڕۆژانەی ئێمەیە. بەداخەوە ئەو کاتانە ڕۆیشت کە شەوچەرە هەبوو. یاری و مەجلیسی پڕ قسەی خۆش هەبوون. مخابن زۆرێک لە بەتەمەنەکان ماڵئاواییان کردووە. ئێستا مۆبایل و ئینتەرنێت ئەم جەوەیان نەهێشووە. لاوازی و ساردی باری کۆمەڵایەتی، نەک هەر شارەکان گوندەکانیشی گرتۆتەوە. من لەزۆرێک لە سیفاتی گەنجی ئێستا ناڕازیم، بەڵام هیچکات گلەییان لێ ناکەم، چونکە گومانم نییە هەرچیان پێ بڵێی، ئەوان هەر پێیان وایە کە لەئێمە عاقڵترن. با ڕاستگۆ بم، منیش لەگەنجیدا ئاوابووم! بە بەردەوامی گلەییم لە پیرەکان دەکرد، کە تەسک بیر دەکەنەوە”.