Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 27, 2022

” خەڵکانێک هەن زۆر هەڵە لە کەسانی لادێنشین دەڕوانن. پێیانوایە تێنەگیشتوو و کەمزانن! ڕۆشنبیری بەجلوبەرگ و شێواز و شوێنی ژیانکردن نییە! ئێمە کە لە لادێ دەژین مانای ئەوە نییە ئاگامان لە تەکنەلۆجیا و بارودۆخی سیاسی و ئابووری نەبێت. ئەمڕۆ سۆشیاڵمیدیا خێراترین ڕێگایە بۆ ئاگاداربوونت لە تەواوی شتەکان. بەڵام جیاوازیمان لە هەندێک شتدا وای کردووە ئەو تێگەیشتنە خراپە دروست بێت. ئێمە لەبری باڵەخانە بەرزەکان چێژ لە تەپۆڵکە و یاڵ و گردەکان دەبینین. ڕاستە بازاڕمان نییە، بەڵام بینینی ئەو دەشت و باڵندانەی هەن زۆر ئاسوودەمان دەکات. ئەمڕۆ وای لێهاتووە ژیان بۆتە بەرژەوەندی. لە کوێ گوزەرانت باشتر بسوڕێت، ڕوو لەوێ دەکەی. من چەند ساڵێک ئەزموونی شارم هەبووە. قورسە ژیانکردنت تێیدا. لە مانگێکدا بیست ڕۆژ کارم دەکرد، ئینجا پارە بەشی نەدەکردین! وەلێ ئێستا بە یەک هەفتە کارکردنم ژیانی مانگێکم پێ دەگوزەرێنم. هەوای پاک، تەندروستی چاک”.