Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 30, 2022

“لای هەمووان ڕوونە گەنجێتی قۆناغێکە سەرەتای چێژوەرگرتنە لە شتەکان. بەداخەوە من ئەو چێژەم نەبینی. لەبەر ئەوەی من تاقە منداڵی دایکمم. نەبوونی خوشک و برا یەکجاری ئەرکەکەی منی قورستر کردووە. جیا لەوەی ئیشکەری ماڵ تەنیا خۆمم. هەموو کاتێکیش لە هەوڵی ئەوەدام: دایکم لەو تەنیاییە وەڕس نەبێ. ژیانکردن لەماڵێک کە باوکێک نەبێ ئێواران چاوەڕێی بکەی ئاسان نییە! بەڵام جیاواز لە هەموو ئەو نەهامەتییانە، هەبوونی دایکێکی میهرەبان بۆ من هەر شوکرانەی دەوێ. بەشێوازێ پەروەردەی کردم و دایکایەتی بۆ کردووم مەگەر بەس خوا بتوانێ پاداشتی بداتەوە. هەرکاتێک هیلاک و وەڕس بم ئەو ساتانە دێنمە بەرچاوم کە دایکم چیم بویستبایە بێدڵی نەدەکردم و بۆی پەیدا دەکردم. بۆیە تا ئەو مابێت هەست بە ماندووبوون ناکەم. بیرمە جارێک لەکارێک پرتەوبۆڵەم دەهات، پیاوێک گوتی: دایکت ماوە؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: کەوایە بۆت نییە گلەیی لە ژیان بکەی! ئەوکات تێنەگەیشتم. ئێستا دەزانم قسەکەی چەندە ئومێدبەخشە”.