Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 20, 2022

“چاوێکم بینی تەواوی بیر و ھۆشی بردم. زۆرجار چاوی جوان و سەرنجڕاکشم بینیبوو، بەڵام ئەمەیان تەواو جیاواز بوو. بەشێوازێک دەدرەوشایەوە وەک ئەوەی شتێک بڵێت. لە خۆتەوە هەستت دەکرد بانگت دەکات. خاوەنی چاوەکە ڕۆیشت و ون بوو. بەڵام شکڵ و کاریگەری ئەو چاوە لە زهنم دەرنەچوو! لەو ڕۆژەوە هەر مرۆڤێک ببینم ناتوانم سەیری چاوەکانی نەکەم. بە شێوەیەک هۆگری چاوەکان بووم وەک بڵێی قەت چاوم نەبینیبێت. سیحری ئەو چاوەی بینیم وایلێکردووم پێموابێت ھەرشتێک چاوی ھەبێ جوانە! وا هەست دەکەم چاوی ناشرین بوونی نییە. چاوەکان قسانێکمان پێدەڵێن کە زمان ناتوانێت بیانڵێت! ھەر چاوێک، نیگایەک و چیرۆکێکی خۆی پێیە. چاو قەت ناتوانێ درۆ بکات. مرۆڤ دەتوانێ هەموو شتێک بشارێتەوە. بەڵام لەچاوەکانی ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە دڵخۆشە، یان غەمگینە. تەنانەت لە چاوەکانیدا هەست بەوەش دەکەی کە بیری کەسێک دەکات”.