Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 1, 2022


“مرۆڤ ئەگەر لە کولانەیەکیش لەدایک بووبێت هەر لای پیرۆزە. من لەو خانووە لەدایکبووم، رەنگە ئەمە بۆ هیچ کەسێک ئەرزشی نەبێت، بەڵام بۆ من هەر سووچێک لەو خانووە سەدان یادگاری تێدایە. منداڵی و گەنجیم هەمووی لەو ژوورە بەسەربردووە. بەڵام لەبەرئەوەی بیناکە تەمەنێکی زۆری هەبوو، وردە وردە تووشی داڕمان و ئاودان دەبوو. ئێمەش چونکە کرێچی بووین و مافی ئەوەمان نەبوو نۆژەنی بکەینەوە، لەسەر داوای خاوەنەکەی چۆڵمان کرد. لەتەنیشت ئەو خانوێکم بەکرێ گرتووە بەسە بۆ ئەوەی لەبەرچاوم ون نەبێ و رۆژانە بیبینم. ئاسان نییە هەموو ژیانت لەخانوێک بەسەربردبێت و ئێستاش لەبەرچاوتدا بیڕوخێنن. هەموو عەسرێک سەیری بەر دەرگاکەی دەکەم دایکمم بیردێتەوە کاتێک چاوەڕوانی باوکم بوو، لەوسەریشەوە باوک بە دوو دەستی پڕ لە عەلاگەوە لە سووچی کۆڵانەکەوە بەدیار دەکەوت.”.