Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 3, 2022

“ساڵانی هەشتاکان تەمەنم 10 ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ باوک و براکانم دەهاتین بۆ راوەماسی. بەحوکمی ئەوەی لە لێواری دەریاچەی دوکان گەورەبووم و ژیانمان لەسەر فرۆشتنی ماسی بوو، منیش بووم بە راوچی. ئێستاش حەوت سەرخێزانین و ژیانمان لەسەر راوکردنە. راوەماسی پێویستی بە زانیاریی زۆر و شارەزاییە، دەبێت پشوودرێژبیت و گورجوگۆڵ بیت. هەندێکجاریش بە چانسە. رۆژ هەبووە هیچم نەگرتووە و رۆژی واش هەبووە 50 کیلۆ ماسیم راو کردووە. بیرمدێت ماسی 150 کیلۆیی لەم دەریاچەیە راو کراوە و من خۆم ماسی سەروو 30 کیلۆییم بە قولاپ گرتووە. بەڵام بەداخەوە ئێستا رێژەی ماسی لە دوکان کەمبووەتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک بێرەحمانە بەڕێگای تەقەمەنی و کارەبا راو دەکەن”.