Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 24, 2022


“ناوم عەلی ئەحمەدە و تەمەنم ٢٣ ساڵە. خەڵکی گوندی تەنوریەم سەر بە ناوچەی تەربەسبیە.
خێزانەکەم بە شێوەیەکی گشتی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، لە زستاناندا گەنم وجۆ دەچێنین و لە هاوینیشدا خەریکی چاندنی سەوزە هاوینییەکانی وەک تەماتە و خەیارین، ئەمەش دوای دروێنەوەی دانەوێڵەکان.
زۆرینەی جوتیاران پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن بۆ کشتوکاڵ بەڵام لەبەر کەمی ئاوی باراناو، کە ڕێژە کەمەکەی زەرەریشی گەیاندووە بە گەشەی گەنم و جۆ، ئێمە بڕیارماندا ئیتر پشت بە ئاودان ببەستین. هەرچەندە تێچوویەکی زۆر زیاتری هەیە بەڵام ئێستا کێڵگەکەمان لە ئاستێکی باشتردایە. جیاوازییەکەش بەدیدەکرێت گەر بەراوردی کێڵگەکەی خۆمان و ئەو کێڵگەیەی تەنیشتمان بکەیت کە خاوەنەکەی تەنها پشتی بە ئاوی باراناو بەستووە.
ڕەنج و ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەچووە. لە چەند هەفتەیەکدا میوەکانمان لێدەکەینەوە و گەنمەکەمان دروێنە دەکەین، هەر کەسێک بچێنێت ئەوا بەرهەمەکەی دەدوورێتەوە”.