Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 17, 2022

” ناوم عامر حەموە و تەمەنم ١١ ساڵە و خەڵکی گوندی قەرە تەپەم لە عەفرین. من و خێزانەکەم پێنج ساڵ لەمەوبەر گوندەکەی خۆمان لە عەفرین بەجێهێشت بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیاوە. خێزانەکەم بەم شێوەیە دەیگێڕنەوە بۆم. من هیچم بیر نایەت لە گوندەکەی خۆمان، هەر ئەوە نەبێت کە لەگەڵ هاوڕێکانمدا تۆپی پێمان دەکرد و لە پڕ گوێمان لە دەنگی فڕۆکەکان بوو دەستیانکرد بە بۆردوومانی هەموو شوێنێک. باوکم پێمدەڵێت ڕۆژێک هەر دەگەڕێینەوە گوندەکەی خۆمان لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن خاکەکەین. ئەمەش تاکە خەونی منە کە بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەم.ئێستا لە شاری حەسەکە دەژیم، لێرە هاوڕێی نوێم ناسیووە و هەموو ڕۆژێک یاری تۆپی پێ دەکەین. تەپوتۆز لە یاریگاکەدا بەرزدەبێتەوە لەبەر گەرموگوڕی یاریکردنەکەمان، هەندێجاریش من و هاوڕێکانم پارە کۆدەکەینەوە بۆ کڕینی تۆپ تا یاری پێبکەین. من تیپەکە بەڕێوەدەبەم و جلی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆم لەبەردایە کە زۆرم خۆشدەوێت و حەزدەکەم وەک ئەو ببم بە یاریزانێکی پیشەگەر”.