Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 18, 2023

“کەرکووک بۆ من، یانی چێژی هەموو شارەکان. ئەو کاتانەی سەرباز بووم لە شارەکانی باشووری عێراق، ڕۆژەکانم دەژمارد تا دەوامم تەواو ببن و بێمەوە شارەکەم. مۆڵەتی هاوڕێیەکانم بۆ نەخۆشی و پرسە و بابەتی خێزانی بوو، کەچی هیی من تەنیا بۆ ئەوە بوو زوو بگەمەوە کەرکووک. بیرمە گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیانگوت: کەرکووکت لە ئێمە کردووە بە پاریس. بوونی نەتەوە جیاوازەکان لەم شاره، وای کردووە ئێمەی کەرکووکی هەستی پێکەوەژیانمان لە شارەکانی تر گەرموگوڕتر بێ. ڕەفیقی تورکمان و عەرەبم هەیە هی سەردەمی منداڵیم، ئێستاش وەک هاوڕێ کوردەکانم، متمانە و خۆشەویستی هەیە لە نێوانمان.”