Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 6, 2023

“منداڵ بووم کە باپیرم لەم خانووەدا مرد. ساڵێکی بەسەر چوو، دوو مامم بەیەکەوە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا و هەر لەناو پرسەکەی ئەوان باوکم بە جەڵدەی دەماغ کۆچی دواییکرد. ١٢ دۆنم گەنممان لەپڕێکدا سووتا و بە چاوترووکانێک ڕەنجی ساڵێکمان هەمووی ڕۆیشت. لە ڕۆژێکی گەرمای هاوین بە هۆی شۆرتی کارەباوە تەواوی ماڵەکەمان سوتا و خوشکێکی بچوکیشم سوتا و مرد. ئێستا داپیرەم ناهێڵێت خانووەکە نۆژەن بکەینەوە چونکە شوومە. دەڵێ لەسەرەتاوە گوتم ئەم خانووە سەری هەموومان دەخوات. بەڵام کەس گوێی بۆ نەگرتم تا ئاوامان بەسەرهات. بۆیە بە هیچ جۆرێک نایەڵم ڕوو لەم خانووە بکەینەوە. داپیرەم بێخەبەرە لەوەی ئەگەر بۆ ئەوان شووم بێت، بۆ من دونیایەک یادگارییە. هەموو منداڵیم لێرە بەسەر برد، لەبەر ئەوە قەت لەبەر چاوم ناکەوێ. ئێستاش جارجارە بەدزییەوە دێم و بۆ ماوەیەک لەناویدا دەمێنمەوە”.