Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

26/7/2024

لە ساڵی 1978, گوندەکانی هەورامان لەلایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە ڕووخێنرا، لادێکانی هەورامان چۆڵکراو کلتوور و سیما ڕەسەنەکەی هەورامان بە شێوازێک شێوێنرا کە هیچ خانویەک و دیوارێک لە هەورامان وناوچەکەدا بونی نەما. لەڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لە ئاوەدانکردنەوەی گووندەکانی کوردستان و هەورامان تاوەکو ئێستا من وەستای بەنایی بەردم لە هەورامان.

بەشی زۆری خانوەکان و دیوارەکانی هەورامان و لادێیەکانی دەوروبەری بەدەستی من درووستکراون.

من جهانگیر موستەفا، خەڵکی گوندی بەڵخەم هەر لەوێش نیشتەجێم، تەمەنم 58 ساڵە، لەبەر حەزی خۆم بۆ ئیشی بەنایی بۆ پاراستنی سیمای جوانی هەورامان و نەفەوتاندنی دیمەنە جوانەکانی ناوچەکە و نیشاندانی کلتووری ناوچەکە کە سەرەنجی خەڵکی و گەشتیاران بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت، هەتا ئێستا بەردەوامم.

نزیکەی 30 ساڵە ئیشی دیواری بەرد دەکەم هەم وەک حەزێک و هەم بۆ دابینکردنی بژێوێ ژیانم و پێم خۆشە جیلی نوێ بتوانن ئاشنابن بە کلتووری کۆنی هەورامان، ئەم پیشەیە لە باوانمەوە بۆم ماوەتەوە، زۆر هەوڵمداوە خەڵکی تریش فێری ئەم پیشەیە ببن تا دوای خۆم کلتووری ڕەسەنی هەورامان وەک خۆی بمنێیتەوە.