30/10/2024
ئەم لاقە دەستکردەی لە نەخۆشخانە بۆیان دروستکردم ئازاری دەدام، بۆیە چەند جارێک گۆڕیم، تا ئەو کاتەی لاقێکی دەستکردم لە درەختی بی بۆ خۆم دروستکرد، ئیتر نازناوی حوسێن دارتاشم وەرگرت.
عاشقی سرووشت و کێوەکانی کوردستانم. ڕۆژێکیان لە سەر سنوری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شوێن گیا بەهارییدا دەگەڕام، لە ناکاو مینێکی بەجێماوی جەنگی ئێران و عێراق بە لاقمدا تەقییەوە و بە هۆیەوە لاقێکم لەدەستدا. بەڵام ئەو کاتەی فێری کاری دارتاشی بووم و کۆچم بۆ شاری مەریوان کرد هیوایەک لەدڵمدا دروستبوو کە لاقێکی دارین بۆ خۆم دروست بکەم.
لە ماوەی بیست ساڵی کارکردنمدا، چەندین لاقی دەستکردم بۆ مرۆڤەکانی تر دروستکردووە کە بۆ هەستانەوە لە سەختییەکانی ژیان پێویستیان بووە. هەمیشە دەردەکانی دڵم بە ژەنینی شمشاڵەکەم دەردەکرد کە ئەمیشم لە چڵی درەختێکی چیاکانی کوردستان دروستکردووە.