Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

8/1/2025

كاری بەناییم له‌ باوانەوە بۆ ماوه‌ته‌وه. لە باوكمم بیستووە کە باپیریشم وەستای دیوار بووە و لە ئاكرێ بەناوبانگ بووە، به‌شێكى زۆری خانووەکانی گه‌ڕە‌كى (جۆسته‌یى – گۆراڤه‌ى) به‌ دەستڕەنگینی ئەو دروستکراون، نەک هەر ئەمە، بەڵکو دێرى دێرینی مه‌سیحییه‌كان و ژمارەیەک لە قوتابخانەکانەکانیش بە هێز و هونەری ئەو بونیادنراون. باوك و باپیرم لە سه‌رده‌مێکدا تێکەڵاوییان لەگەڵ ئەو جووانەدا هەبوو کە نیشته‌جێی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بوون. من، تا پێنجى سه‌ره‌تایم لەوێ خوێندووه‌. لە بیرمە جارێکیان باوكم پێی وتم: بڕۆ بخوێنە و پیشه‌كه‌ى من فێر مه‌به‌، چونكه‌ پیشه‌یەکی قورس و گرانه‌. بەڵام من پاش كۆچى دوایی ئەو، ده‌ستم بە هەمان‌ پیشه‌ کرد و ئەوە بۆ ٢٥ ساڵ دەچێت کاری بەنایی دەکەم و وه‌ستای دیوار تێکەڵ بە ناوهێنانم بووە.

له‌ ئێستادا، پرۆژه‌یەك بۆ هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كه‌ى ئاكرێ پێشکەش کراوە و بڕیار وەهایە وەک ‌شوێنێکی كو‌لتوورى بونیات بنرێنه‌وه‌، بەڵام ئێمە تەنها دوو وه‌ستای دیوارى به‌ردین کە لەو پرۆژەیەدا کاردەکەین و هەتا ئێستا تەنها ١٤ خانوو و چێشتخانەیەکی کولتووریمان نۆژەن كردووتەوە.