Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

15/1/2025

لێرە، لە کۆبانێ، خەڵک دوکانەکەمیان بە (مسێ) ناسیوە، بە ناوی هاوبەشە کۆنەکەمەوە کە پێشتر پێکەوە کارمان لەسەر چاککردنەوەی گەرمکەرەوەی زستانە و کەرەستەی چێشتلێنان دەکرد، بە تایبەت ئەو کەلوپەلانەێ کە بە گاز (دیزڵ(، کاریان دەکرد.
لە منداڵییەوە هەتا ئێستا کە تەمەنم لە سەرووی ٦٠ ساڵییەوەیە و هەر ئەو پیشەیەم کردووە. ئاواتەخوازیشم بە هەمان شێوە کوڕەکەشم بەردەوامی پێ بدات کە ساڵانێکە لەبەردەستی خۆمدا فێری بووە. گەرچی داوام لێ کردووە سەربەستە لەوەی ئەگەر بیەوێت پیشەیەکی دیکە فێر ببێت کە لەمە پاکتر و ڕێکوپێکتر بێت، بەڵام پێداگرە لەسەر هەمان پیشە. ئێمە خاوەنی دێرینترین دوکانی شاری کۆبانێی کوردانین، کەوا کەلوپەلی پەیوەست بە ناوماڵ و تایبەت بە ئاگر چاک دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە کە لە ئێستادا و بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پشتبەستن بە وزەی کارەبا کارەکان ئاسانتر بووە، بەڵام بۆ میللەتی کورد دۆخەکە ناگۆڕێت و لە کۆنەوە بە پیشە قورس و گران ڕاهاتووین. ئەم پیشەیە هێشتا خواستی زۆری لەسەرە، چونکە ناوچەکە بە بارودۆخی شەڕدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکە ناچارە پشت بە بەکارهێنانی ئامێرە کۆنەکانی چێشتلێنان و گەرمکردنەوە ببەستن.