5/02/2025
ناوم (سەنعان فایەق محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٦ لەدایک بووم و خەڵكی گوندی (هانەی دن)ی سەر بە قەزای (خورماڵ)ـم. لە باوانەوە پیشەی هەلاجیم بۆ ماوەتەوە و تاکە کەسم لە سنووری هەورامان کە ٢٦ ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەم و بژێوی ژیانمم لەسەر پەیدا کردووە.
کاری هەلاجی، پیشەیەکی دێرینی ناوچەکەیە و لە دروستكردنی: سەرین، لێفە و دۆشەک و چەند پێداویستییەكی تردا خۆی دەبینێتەوە و نەخش و نیگار و ڕەنگ و سەلیقەی وەستایی ئاوێتەی دەبن.
تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم، دەشتی شارەزوور؛ سەرچاوەی چاندنی پەموو بوو کە وەک کەرەستەی خاو، لۆکەی بۆ پیشەکە دابین دەکرد و خواستی ناوخۆیی بە زیادەوە پڕ دەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا، بەهۆی هاوردەکردنی و بەرهەمی بێگانە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، پیشەکە ڕووی لە كزی كردووە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. بە دووری دەزانم دوای خۆم، منداڵەكانم درێژە بەم پیشە جوان و دڵگیرە بدەن.