26/2/2025
بە پیشەی دارتاشیی دەستم پێکرد. وەک دایکێک، کە منداڵەکەی بە ئەوین و خۆشەویستییەوە پەروەردە دەکات، هەر بەو ناسکی و سۆزەوە، عاشقانە لەگەڵ چێو (دار) کارم دەکرد. بەم هۆکارەش، کارەکانم بە دڵی خەڵک بوون.
عەشقم بۆ جوانکاری و قووڵبوونەوە لەو هونەرە، ڕێگەی پێ نەدام بکەومە شوێن هەندێ کاری لاوەکی و دەستکەوتنی پارەم لە لا گرنگ نەبوو. بۆیە کاتێک دەمبینی، کارە دەستییەکانم و بەرهەمی هونەرەکەم بۆ دەرەوەی وڵات دەنارد بۆ من مایەی شانازی بوو.
هیچ کات لاساییی کاری کەسی ترم نەکردووەتەوە، هەمیشە بە شوێن کاری تایبەت و جیاوازەوە بووم و لەبری لاسایی کردنەوە، پێم باشتر بووە خۆم داهێنان بکەم و شتی نوێ و جوان بەرهەم بهێنم. هەر بۆیە گەر کەسێک داوای دروستکردنی کارێکم لێ بکات، ئارەزوو دەکەم داهێنانی تێدا بکەم.
بەو بۆنەیەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ئامێری دەهۆڵم بۆ کچەکەم. پێشتریش بۆ کوڕەکەم ئالەتی زوڕنا و باڵەبانم دروستکردووە. بە ئەنجامدانی ئەم کارانە، ئیتر دڵنیا دەبمەوە لەوەی لەم ژیانە کورتەدا؛ پێویستە بۆ دڵ بژین، نەک بۆ پارە.