Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

19/3/2025

ساڵانێكی زۆر لە نیشتمانی خۆم دوورکەوتبوومەوە و لە شاری (ئیستانبوڵ) ‌ژیام، هەمیشە داخێکی قووڵ لە دڵمدا بوو و بیرم لای زێد و شوێنی لەدایکبوونم بوو، بۆیه‌ پێنج ساڵ پێش ئێستا، بڕیاری یەکجارەکیم دا و گه‌ڕامه‌وه (ئامه‌د).
لە منداڵییەوە، خولیای وێنەگرتنم هەبوو، بۆیه‌ پاش گواستنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌م و بە ماوه‌یه‌كی كه‌م، بیرم لەوە کردەوە ستۆدیۆیەکی تایبەت بە وێنەگرتنی گلێنەی چاو (ئایرس) دابمەزرێنم، وەک یەکەم کەس لەم بوارەدا، یه‌كه‌مین ستۆدیۆم له‌ شاره‌كه‌م كرده‌وه‌.
وێنەگرتن، پیشەیەکی زۆر جیاوازە، بە تایبەت ئەم شێوازەی كه‌ من کاری لەسەر دەکەم و وێنەی گلێنەی چاوه‌كان دەگرم. چونکە ئایرس هەموو وردەکارییەکانی ناو چاوەکان له‌ خۆده‌گرێت. پێشتر وامدەزانی لە چاوەکاندا تەنها ڕەنگە سەرەکییەکان هەن، بەڵام لە وێنەگرتنی ئایرسەوە تێگه‌یشتم لە هەر چاوێکدا دەیان ڕەنگی جیاواز و سەرنجڕاکێشی تریش هەیە. چاو، وەک پەنجەمۆر وایە و هێڵەکانی چاوی هەر کەسێک، لە کەسێکی تر جیاوازە.
خەڵکی ئامەد، ئارەزوویەکی زۆریان بۆ هونەری ئایرس هەیە و سەردانم دەکەن و وێنەیان دەگرم و وێنەکان له‌ بازن و چوارچێوه‌ی ڕازاوه ده‌گرن، یان دەیکەنە دیاری بۆ ئازیز و خۆشەویستەکانیان. بە بڕوای من، ئەمە دیارییەکی زۆر به‌چێژ و واتادارە، تەنانەت کەسانێکیش هەن، داوای وێنەگرتنی چاوی پشیلە و سەگەکانیان دەکەن، لەبەرئەوەی وردەکارییەکانی چاوی ئاژەڵه‌كان، لە چاوی مرۆڤه‌كان سەرنجڕاکێشتره‌.