07/05/2025
چیرۆکی کوردێكی ڕۆژئاوا
خولیای من بۆ ئەم پیشەیە لە تەمەنێکی گەنجییەوە دەستی پێکرد. من باش لە بیرمە کە دایکم چۆن جلی نەریتیی ژنانی کوردی دیزاین دەکرد، هەربۆیە بە سۆز و سەرسامییەوە سەیرم دەکرد.
ناوم (حەسەن محەمەد ساڵح)ە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری کۆبانێ لە دایک بووم. لە ئامۆزاکەمەوە فێری ئەم پیشەیە بووم. گەشتەکەم لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد، کاتێک تەمەنم ١٦ ساڵ بوو.
ئەم پیشەیە بە وێستگە جیاوازەکاندا بردمی، چونکە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شارەکە ناچار بووین کۆبانێ بەجێبهێڵین و ئیتر دواتر خۆمم لە تورکیا بینییەوە. ئەم ئەزموونە پێزانینی منی بۆ بەهای کولتوور و گرنگیی پاراستنی لە ڕێگەی پیشەکەمەوە زیاد کردووە.
لە دونیای مۆدەی ژنانی کورددا وردەکاریی بێشومار دەدۆزمەوە و هەر پارچەیەک چیرۆک و مێژوویەک هەڵدەگرێت، بە تایبەتیی زۆر حەزم لە دیزاینکردنی جلی ژنانی کوردە. چونکە ئەوان جیهانێکن لە داهێنان و هەمەچەشنی، ئەمەش پێچەوانەی جلوبەرگی پیاوان، کە زۆرجار لە یەک ستایلدا سنووردارە.
جلی ژنان بە دیزاینە هەمەچەشنەکانیان و ڕەنگی گەشاوە و نەخشینی ناسک جیا دەکرێنەوە، کە ڕەنگدانەوەی هونەری پاڵاوتەکراوی ژنانی کوردە. جلوبەرگی ژنانی کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە فۆلکلۆر و شوناسی کولتووریی دەزانم و وا دەکات خۆشەویستیم بۆ ئەم پیشەیە زیاتر بێت، چونکە ئەم جلانە جێگەیەکی تایبەت و ئامادەییەکی بەهێزیان لە دڵماندا هەیە، بە تایبەت لە ئاهەنگ و بۆنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانماندا، دواجاریش شادی و شانازی بە کولتووری دەوڵەمەندمان بەرجەستە دەکەن.