Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

05/14/2025

چیرۆکی کوردێکی باکوور

هەموو خەونم ئەوەبوو ڕۆژانێک بێت و بتوانم قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکەم، بەڵام ئەم هیوایەم بۆ نەهاتە دی. چونکە بژێویی ژیانی خێزانەکەم لەسەر بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە سپیاییەکانی وەک: ماست، شیر و پەنیرە. هەر لە سەرەتاوە بە پیشەی شوانکارەیی لە چیای (قەرەزداغ) هێناومە و تا ئێستا بەردەوامم…

ناوم محەممەدە و تەمەنم ١٦ ساڵە. بۆ لەوەڕاندنی ڕانەمەڕەکان، ڕۆژانە لە سپێدەی بەیانیانەوە دەکەومەڕێ و تا درەنگانی ئێوارە هەموو چیاکە دەگەڕێم.

ڕادیۆکەم، هاوڕێی دڵخوازمە، گەرچی لە جۆرە کۆنەکانە، بەڵام هێشتا باش کار دەکات. لە هەندێک جێگە دەنگ جوان ناهێنێت و ناچارم دەکات بچمە شوێنە بەرزەکان تا بەباشی کاربکات. جارجارێکیش دەیکوژێنمەوە تا پیلەکەی زیاتر بەرگە بگرێت. زۆرتر لەو کاتانەدا هەڵیدەکەم، کە کاتی میوزیک و گۆرانییە… ئیتر بەو جۆرە ڕۆژەکەم تەواو دەکەم و نزیک کاتی خۆرئاوابوون، دەگەڕێمەوە.