05/21/2025
چیرۆکی کوردێکی ڕۆژهەڵات
جاران، دروستکردنی لێفە، کارێکی گران و پڕ ئەرک بوو، تا ئامادە دەکرا، نزیکەی دوو ڕۆژی پێ دەچوو. لێفە، پڕ دەکرا لە لۆکەیەکی زۆر و بە ئەندازەیەک قورس دەبوو، کە سەرمای زۆری دەگەڕاندەوە و بەئاسانی لەکاتی خەوتندا لەسەر مرۆڤ لانەدەچوو. بەڵام لە ئێستادا، بەهۆی ئەوەی کە لۆکە کەمتر بەکار دەهێنرێت، پیشەکە گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و بەو جۆرە نەماوەتەوە کە لەسەری فێربووم.
گەرچی باپیرم لێفەفرۆش بوو، بەڵام من لە (حاجی حەبیب)ـەوە فێری پیشەکە بووم و خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم لەگەڵیدا بەسەر برد. ئەو، یەکەم کەسیش بوو لە شاری سنە کە مۆڵەتی تایبەت بەم پیشەیەی لە سەندیکا وەرگرتبوو.
من، ناوم (نادر)ە، ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سنە لەدایک بووم، لەگەڵ (تەیموور)ی هاوڕێم، نزیکەی ٤٧ ساڵە پێکەوە ئەم کارە دەکەین. تەمەنم شەش ساڵان بوو خێزانەکەم لای وەستا حەبیب کردمیان بە شاگرد و لەسەر دەستی ئەو فێری پیشەکە بووم. میهرەبانی و دەستڕەنگینی ئەو بوو وای لێ کردم، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تامەزرۆی پیشەکە ببم و تەناتەت دوای کۆچی دوایی ئەویش، هەر بەردەوام بم.