Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

04/06/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژئاوا

لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا، هەموو دوکانەکان بە دوکانەکەی ئێمەشەوە وێران و خاپوور کران، بۆیە ناچار بووین کۆچ بکەین و ڕوو لە شار و وڵاتانی دراوسێ بکەین، بەو هۆیەوە من لە شاری سلێمانی گیرسامەوە.
من ناوم (عادل حەنیفی)یە، تەمەنم ٤٣ ساڵە. خاوەنی دوکانی شیرینی (دیندار)م، لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەم دوکانەم لە کۆبانێ دامەزراند و لەو کاتەوە بەردەوام بووم و بەتامترین شیرینیمان پێشکەش دەکرد.
لە دوای ئازادکردنی کۆبانێ، لە شاری سلێمانی-ەوە، کە دەکەوێتە باشووری کوردستان گەڕامەوە زێدی خۆم. لە سەرەتادا کارکردن ئاسان نەبوو، چونکە گشت سنوورەکان داخرابوون، بۆیە ناچاربووین بۆ ئامادەکردنی هەر جۆرە شیرینییەک کەرەستەی پێویست لە ڕێگە سەختەکانەوە بە دەست بهێنین. سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ماندووبوونەی لە ساڵانی دواتردا بە هۆی شەڕەوە دووچاری بووین، بەڵام بەو جۆرەش هەر کۆڵم نەدا و دووبارە دوکانەکەم کردەوە. گەرچی ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورە بوو، بەڵام خواستی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان زۆر لەوە گەورەتر بوو.
ئەمڕۆ لە پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، بە شانازییەوە دوکانەکەم سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە دۆخی جارانی و شیرینی تێدا دەفرۆشم، هەر بۆیە دەڵێم: ئەمە چیرۆکی خۆڕاگرییە، یاخود چیرۆکێکی شیرینە، کە بەسەر تاڵیی شەڕدا زاڵ بووە.