Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

18/06/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژهەڵات

لە دوکانەکەمدا، هەموو جۆرە نەخش و نیگارێک دروست دەکەم. کارەکەم ئاسان نییە و هەر ئیشێک تا دەگاتە کۆتایی، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت، کە گرنگترینیان: قاڵببەندی و بڕین، ئامادەکردن و کارکردنە لە دروستکردنی کەرەستەکاندا.
من (ئارام شەجێعی)م، تەمەنم ٣٥ ساڵە و نزیکەی ٢٠ ساڵە خەریکی ئەم کارە هونەرییەم. بڕوانامەی گرافیک و کاری دەستیم لە بواری زێڕنگەریدا بەدەستهێناوە.
لە ڕابردوودا، لە بەردەستی چەندین وەستای شارەزا و بەناوبانگ ـ بەتایبەت لە شاری سنەـ کارم کردووە و هەنگاوبەهەنگاو فێری پیشەکە بووم و دواتریش لە شارەکانی تری وەک: کەرەج، تاران و ئەسفەهان بەشداری خولی تایبەتم کردووە و دواجار توانیم لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی بەهرەمەندانی وڵاتی ئێران بەشداری بکەم.
لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئەم دوکانەم لە بواری: زیو و زێڕنگەری و کریستاڵدا کردووەتەوە و توانیومە لە ماوەی چەند مانگێکدا پێنج کیلۆ زیو و سێ کیلۆ زێڕ بەکار بهێنم.