June 15, 2020
“لەگەڵ کچێکدا قسەمان دەکرد و پێی وتم حەزەکەم بتبینم، منیش ڕازی بووم، وتی وەرە بۆ نەخۆشخانەی وڵووبە. بۆ ڕۆژی دواتر، بە هاوڕێیەکم وت لەگەڵم وەرە ئەچین بۆ نەخۆشخانەی وڵووبە بەڵام پێم نەوت بۆچی ئەچم، بەس حەزم کرد کەسێکم لەگەڵدا بێت، کە گەیشتمە ئەوێ پێی وتم، ‘کوای، چیت لەبەرە؟’ منیش پێم کە وت چاکەتوپانتۆڵم لەبەرە – تەبعەن جسمی من ئەسڵەن چاکەتوپانتۆڵی بۆ نابێت، کە چوومە نەخۆشخانەکە یەک شیڕەشیڕ و هاوارێک بوو، بڕۆ مەوەستە و وەرە سەرەی تۆیە… لەو خەڵکە توڕە ئەبوو. من هەر زیڕەم کرد کە زانیم ئەوە خۆیەتی، لە ترسا خۆم کرد بە ژوورێکدا، وتم هاتووم بۆ لای دکتۆری هەناوی ئەمەوێت پشکنینێک بکەم. ناردمی بۆ ژوورێک، یەک دوو خوێندکاری زانکۆی لێ بوو، لێیان پرسیم کە چیمە، وتم ناو سکم تەواو نییە، تۆزێ زیادخۆریم کردووە، تەبعەم لەخۆمەوە واشم وت. پێیان وتم پاڵکەوە و دەستیان کرد بە پشکنین، هەستم کرد شتەکە بوو بە جدی، وتم، ‘کاکە وەڵا عەیبم نییە’. ویستم هەستم وتیان مەجووڵێ تۆ وەزعت زۆر خراپە، بانگی دکتۆرەکەیان کرد و دەستیان کرد بە قسەکردن بە ئینگلیزی، هەر زیڕەم کرد، وتیان ئەبێت بە ئیسعاف بتبەین بۆ نەخۆشخانە، زەختت زۆر بەرزە. بڕۆ ئەم دەرمانانە لەو ژوورەی تر وەربگرە، هاتمە دەرەوە بە هاوڕێکەمم وت، ‘هەتیو ڕاکە خەریک بوو ئیسعافم بۆ بانگ بکەن!’ دواتر بە کچەکەم وت زۆر قەرەباڵخ بوو، نەهاتمە ژوورەوە. بەڵام لە ئیستادا زەختەکە خەریکە ئەبێت بە جدی لەسەرم، تۆزێ سیحەت و تەندروستیم تەواو نییە، ئەمەوێت بەردەوام بم لەسەر ڕیجیمەکەم و ئەو زەختەی هەشمە، نەمێنێت.”