Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 29, 2020

“تەمەنم 12 ساڵە، بەهۆی ئەوەی باوکم ئابووری و بازرگانی خوێندبوو و زۆر باشیش بوو لە ژمێریاریدا، بە منداڵی زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ ئەو بەسەردەبرد و سەیرمدەکرد کە کار دەکات. باوکم هەستیکرد کە حەزم لە بیرکاری و حساباتە، بۆیە ساڵی 2018 باوکم ناردمی بۆ پەیمانگای (IELTS) تایبەت بە زمان و بیرکاری زەهنی. کێبڕکێ کەوتە نێوانمان بۆ ئەوەی بزانین کاممان خێراتر شتەکان شیکار دەکات، لەسەرەتادا باوکم خێراتربوو، بەڵام دواتر من خێراتر شیکارم دەکردن. دوای دوو ساڵ ڕاهێنان، بەشداریم کرد لە پاڵەوانێتییەکی عەرەبی بۆ بیرکاری زەهنی کە لە مصر بەڕێوەدەچوو، دەبوایە بچوومایە بۆ ئەوێ بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێگەی ئۆنلاین بەشداریمکرد. پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 46 گروپ لە هەموو وڵاتە عەرەبییەکان و یابان و ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، براوە بووم دوای ئەوەی توانیم 100 هاوکێشە شیکار بکەم لەسەر (ئاباکس) لە کەمتر لە پێنج دەقیقە. دوای ئەوە ژیانم گۆڕا و دەمەوێت بەشداری بکەم لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان. بە دڵنیاییەوە فەزڵی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوکم، هەروەها مامۆستاکەم (روضە) و پەیمانگاکەشم”.