Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 30, 2020

“هەموو کەسێک حەز و ئارەزوویەکی هەیە، من حەز و ئارەزووم بۆ کاری تەختە و دیکۆراتی تەختە هەبوو. 22 ساڵ لەمەوبەر دەستمکرد بە دروستکردنی ئامێری میوزیکی کەمان، عود و ساز بە بچووکی و هەروەها سەیارە و هەندێک یاری دیکەی منداڵان، تەنها بە بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی سەرەتایی. گسکێم دەکڕی، دەمبڕی و هەیکەلی ئەو شکڵەم دروستدەکرد کە دەمویست و دواتر وردەکاریم تێدا دەکرد. هەموو گسێک کە دەمکڕی بەشی نزیکەی 13 ئامێری عودی بچووکی دەکرد، هەندێک جاریش مرۆڤم دروستدەکرد و چەند جوڵەیەکی کەمیشم بۆ دەست و قاچی دادەنا. دوای ئەوە چووم بۆ خزمەتی سەربازی و دوای دوو ساڵ کە گەڕامەوە لە مەحەلێکی دروستکردنی مۆبیلیات کارمکرد بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناکانم بدەم و لە هەمان کاتیشدا داهاتێک بۆ خۆم پەیدا بکەم. بەباشی فێری کارەکە بووم، بەڵام بەهۆی خراپی باری داراییمانەوە ناچاربووم سەفەر بکەم بۆ لوبنان و لەوێ کار بکەم، نزیکەی 7 ساڵ لەوێ مامەوە پاشان چووم بۆ تورکیا و لەوێش کارمکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و سەفەرم کرد بۆ عێراق و لەوێش بۆ ماوەی ساڵێک کاری دارتاشیم کرد، دواتر بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەی خۆم”.

“کۆمەڵێک ئامێرم کڕی و دەستمکرد بە کاری خۆم بەڵام بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە کارەکەم درێژەی نەخایاند و ناچاربووم هەموو ئامێرەکانم بفرۆشم بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم. لە ئێستادا کار بۆ هاوڕێیەکم دەکەم وەک پاداشتێک ئەو کارەی پێدام چونکە من فێری کارەکەم کردووە. جارێکیان چووم بۆ گوندێک و تراکتۆرێکم بینی و بڕیارمدا لە تەختە دروستیبکەم. گەڕامەوە ماڵەوە و دەستمکرد بە کارکردن لەسەری، لە سەرەتادا تۆزێک قورس بوو، دوای چەند هەوڵێک دروستمکرد و زۆرم بەدڵ بوو. جارێکیان منداڵەکەم داوای یارییەکی لێکردم بۆی دروستبکەم، ڕۆژێکی تەواو خەریکی بووم و زۆرم بەدڵ بوو نەمدەویست کەس بیبات، کاتێک کوڕەکەم بینی وتی یاری پێناکات و هەڵیدەگرێت تاوەکو ئەوکاتەی گەورە دەبێت و لە ماڵەکەیدا دایدەنێت وەک دیارییەک لە باوکییەوە و شانازی پێوەدەکات”.