Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 5, 2021

“ئەو کاتەی لە پەیمانگا بووم چوومە ڕیزی ئەو هێزە سەربازییانەی کە ڕۆژئاوا دەپارێزن، دواتر پێداگریم کرد لەسەر ئەوەی بچم بۆ عەفرین، ئەو کاتە عەفرین دەورە درابوو لەلایەن هێزەکانی تورکیا و لەژێر هەڕەشەی داگیرکردندا بوو لەلایەن تورکیاوە، زۆرم پێخۆشبوو چووم بۆ عەفرین لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە و خەڵکەکەیم زۆر خۆشدەویست. لەسەرەتادا تۆزێک قورس بوو قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەهۆی ئەوەی لەهجەکانمان جیاواز بوو، دواتر فێری لەهجەکەیان بووم و وەک ئەوان قسەمدەکرد. لە سەرەتای ساڵی 2018 هێزەکانی تورکیا دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ داگیرکردنی عەفرین، ئەو کاتە ئێمە بە چەکە سووکەکانمان بەرەنگاری فڕۆکە و چەکە قورسەکانی ئەوان بووینەوە بۆ ماوەی 58 ڕۆژ. زۆربەی هاوڕێکانم لە تەنیشتمەوە شەهیدبوون لەگەڵ شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر کەسی مەدەنی بەهۆی قەسفی هەڕەمەکی دەوڵەتی تورکیاوە. دوای تەواوبوونی شەڕەکە بەهۆی برینداربوونمەوە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. دوای ئەوە بەردەوامی بە خوێندنەکەمدا کە بەهۆی چوونم بۆ شەڕ وەستابووم لە خوێندن. ئێستا خوێندکارم لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ، دوای تەواوکردنی زانکۆ دەمەوێت ببم بە مامۆستای سەرەتایی، لەبەر ئەوەی حەزدەکەم دەرس بە منداڵ بڵێمەوە”.