September 15, 2021
“ئێمە هاوژینی یەکین و بە شێوازی ئەکادیمیک زمانی ئینگلیزیمان خوێندووە و پیشەی خۆمان فێرکاری زمانی ئینگلیزییە، هەمیشە دڵەڕاوکێمان بووە لەسەر کزی زمانی دایکمان (زمانی هەورامی) کە بەداخەوە نەبوونی میدیا بووەتە هۆی ئەوەی کە قسەکەر بە زمانی هەورامی، کە زمانی دایکمانە لە بیرمان بچێتەوە. زۆرکات دەمانبینیی کە منداڵانی هەورامی ڕوو ئەکەن لە قسەکردن، چونکە پاراو سۆرانی نازانن. ساڵی ڕابردوو ویستمان ئیشێکی جیاواز دەستپێبکەین تا هەم زمانی هەورامی زیندوو بکرێتەوە و هەم بە شێوەزارێک منداڵان و گەنجانی داهاتوو شەرم نەکەن لە هەورامیبوونیان و لە ڕێگای زانستییەوە زمان و کلتووری خۆیان بناسن و سەری بەرزبکەنەوە.”.
“ئێمە وەکو یەکەم کەسانێ کە لەم ڕێگادا هەنگاو هەڵدەگرن، هاوژینم کە ماستەری زمانناسییە و خۆی خەڵکی هەورامانی تەختە، توانیمان لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا(ئینستاگرام) ڤیدیۆی ئینگلیزی-هەورامی دابنێین. بۆ هەنگاوی دووەم بە زمانی ئینگلیزی-هەورامی، دێهات و هەوارگەکانی هەورامانمان بە شێوەی کورتە دۆکیومێنت لە سەر ئینستاگرام دابەزاند تا لە پاڵ ناساندنی زمانی هەورامی، خەڵک دێهات، هەوارەکان، میعماری و جیاوازی گوندەکان چە لە بواری زمانی و چە لە بواری هەڵسوکەوت، ڕێوڕەسم و ئایینەکانی هەورامان بناسێنین بە جیهان. هەنگاوی سێەم کە نوێترین پڕۆژەمانە، دامەزراندنی یەکەمین فەرهەنگی دەنگی و وێنە(هەورامی-ئینگلیزی)ە”.