Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 02

April 8, 2020

ئەم گەڕەکە زۆرینەیان مەسیحین، کە پێشتر هەمووی ماڵی گاورەکان بوو، هەر لەبەر ئەوەشە پێی دەڵێن گەڕەکی گاوران. یەکێک لە ماڵە کۆنەکان کە ماڵی کەریمی عەلەکەیە، ئیستاش 13 ماڵی تێدایە. کەریمی عەلەکە کەسایەتییەکی ناسراوی هەبوو. کاتێ گرانی بوو، خواردن و چێشتێکی زۆری دروست دەکرد و کونێکی کردبووە دیوارەکە و خەڵک ڕیزیان دەبەست، بە کەوچکێکی دار خواردنی بە خەڵکەکە دەبەخشی بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن، ڕێز و ئیحترام زۆر بوو لە ناو خەڵکدا، لە ساڵی 1972 کاتێک شووم کرد بەو کەسەی کە دڵخوازی خۆم بوو، لەو کاتەدا مردنی شێخ لەتیف هات بە سەریا، کە کوری شێخ مەحموود بوو. تەنیا لەبەر ڕێزی ئەو کەسایەتییە، گواستنەوەکەمیان بۆ 6 مانگ دوا خست، ئەو دابونەریتە جاران فێریان دەکردین، کە هەمیشە ڕێزی بەرامبەرەکەت بگریت لە کاتێکدا ئەگەر هەڵەش بن. لە هەشتاکاندا بوو ڕۆژێکیان دەچووم بۆ بازاڕ، گەنجێکم بینی پێدەچوو فیرار بێ، لە بەردەم عەسکەرێکدا وەستابوو و داوای هەویەکەی لێ کرد. گەنجەکە کەمێک خۆی خافڵاند… دەیزانی کە دەیبەن، لەپر ڕای کرد لە دەستی، عەسکەرەکەش ویستی دوای بکەوێت و بە بەردەم مندا هات، دڵم زۆر لای گەنجەکە بوو. قاچم درێژ کرد، عەسکەرەکە لەبەر دەممدا کەوت، هەتا هەستایەوە گەنجەکە دیار نەما