Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - West 04

August 1, 2020

“کاتێک تەمەنم پازدە ساڵان بوو دەستم بە کاری وێنەگرتنی گەڕۆک کرد، وا نزیکەی ٥٠ ساڵە وێنەی دانیشتووانی قامیشلۆ دەگرم، ئەم کارە هەم وەک خولیایەک و هەم بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان دەکەم. وێنەی هەموو دانیشتووانی ئەم شارەم گرتووە، جوو، ئەرمەنی، سریانی و کوردی … تەنانەت پارێزگاریم لە وێنەی ئەو کەسانەش کردووە کە وێنەیان لەلا گرتووم و وەریاننەگرتۆتەوە. لە ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی مۆبایلەوە ئەم کارە پارەی باشی پەیدا دەکرد و تەنها وێنەگرەکان دەیانتوانی وێنەبگرن. جارێکیان، چاوم بە گەنجێک کەوت کە لە منداڵیدا وێنەیم گرتبوو، کاتێک بینی هێشتا وێنەکەیم لەلا ماوە زۆر دڵخۆشبوو، بۆیە بە قیمەتێکی زۆر لێیکڕیم. لە جەژنەکانی نەورۆزدا زۆر جار تووشی بێزارکردن بووم لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە لەسەر وێنەگرتن. وێنەی تەواوی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٠٤ی شاری قامیشلۆم لەلایە، هەروەها وێنەی سەرۆک جەلال تاڵەبانیم گرت کاتێک هات بۆ شاری قامیشلۆ، هەتاکو ئێستاش پارێزگاریم لە وێنەکانی ئەو و وێنەی سەرجەم ئەو کەسانە کردووە کە وێنەم گرتوون و نزیکی پەنجا هەزار وێنەی کۆنم هەیە”.