Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 31

April 26, 2020

“ئەم دوکانە هیی کوڕێکی پورم بوو ناوی خالید زامدار بوو، کە خۆشنووسێکی کۆنی شاری سلێمانییە، لە ساڵی 1974ـەوە لەم دوکانە ئیشی ئەکرد، منیش هەر لە منداڵییەوە لە لای دەستم کرد بە ئیشکردن. سەرەتا وەک شاگردێک، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی خالید زامدار لە ساڵی 1987، من بەردەوامیم دا بە ئیشەکە، وا ئەبێ بە 33 ساڵ. بەرامبەر دوکانەکەمان دیوارێکی لێ بوو، خالید زامدار شتی لەسەر ئەنووسی؛ پەندی پێشینان و شیعری شاعیران. زۆر جار لەسەر ئەوە ئەگیرا و لێدانی ئەخوارد. ئەو کاتە ڕۆژنامە و گۆڤار زۆر نەبوو، هەر کەسێک بەم ڕێگەیەدا ئەڕۆیشت، ئەو نووسینانەی ئەخوێندەوە کە لەسەر دیوارەکە نووسرابوون.”

“ماوەیەک حکومەتی بەعس منداڵیان ئەفڕاند، ئێوارەیەک خۆپیشاندان دروست بوو، دەنگۆ بڵاو بووەوە کە منداڵیان ڕفاندووە. کەسایەتییەکی بەناوبانگ هەبوو لەم ناوە، پێیان ئەوت ‘بەخەی خەرامان’، کوڕێکی ئازا و چاونەترس بوو، ئەو کەسانەیان گرتبوون کە منداڵەکانیان ڕفاندبوو. دوو کەس بوون، یەکێکیان لەژێر دەستی بەخەی خەراماندا بوو. دانەیەکیان لێکوشتن، بەعس گەیشتە شوێنەکە و ئەوەی تریان بە برینداری ڕفاند و بردیان. خالید زامدار دڵی پڕ بوو، چوو لەسەر دیوارەکە نووسیی: مناڵانی کورد ڕۆڵەی شارێکن\ترساوی دەستی زەردەمارێکن\وا بە هێزی گەل مار بنبڕ کرا\ئەم شەو ئەو مارە لە کونا گیرا. بۆ سبەی بەعس گەشتنە سەرمان و دوکانەکەیان پێ داخستین، پاشان دیوارەکەشیان پێ سڕینەوە. خەڵک ئەو سەردەمە بەم دوکانەیان ئەوت قوتابخانەیەکی کوردایەتییە.”