Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 47

May 10, 2020

“سەرتیپ هاوڕێم بوو، لە یەک تا سێی سەرەتایی. کوڕێک بوو چاوسەوز، خڕیلانە و مووزەرد؛ ئێستایش چاوی سەوزە، خڕیلانەیە و مووزەرد. سەرتیپ جەماعەتی هەبوو، شەڕانی بوو و چەقاوەسوو، ڕۆژ نەبوو دوای دەوام شەڕێک نەکات، لەگەڵ پۆلەکانی تر، لە خۆی گەورەتر و تەنانەت پۆلی شەشەکانیش، بیرمە بەردەوام لە کاتی شەڕدا، بەو جەستە خڕیلانە و توندەیەوە، سەری زمانی دەهێنایە دەرەوە و گەرم دەبوو، هەمیشە دەمگوت ڕۆژێک سەری زمانی دەبێت بە بەینی ددانەکانییەوە و دەقرتێت. بە حساب منیش یەکێک بووم لە جەماعەتەکەی ئەو، ئەگەرچی بیرم نییە لە هیچ کام لە شەڕەکاندا بەشداریم کردبێت، بەڵام لایەنگری ئەو بووم، ڕاستترە بڵێم دەفتەر و کتێبەکانیم بۆ دەگرت و ئەو دەکەوتە شەڕکردن و من تەماشایم دەکرد. ڕۆژەکان تێپەڕین، گەورە بووین، دەنگمان گڕ و سەرمان زل و ڕیش و سمێڵمان بۆر کرد و قژمان خست بە لادا. لە یەک گەڕەک بووین؛ ئێستایش لە هەمان گەڕەکی خوارووی شارین. ئەو زوو وازی لە خوێندن هێنا و لێک دوور کەوتینەوە، ئەوەی ماوە، سڵاوی نێوانمانە و بەس. چارەنووسمان بە دوو ئاراستەی جیاوازدا ڕۆیشت، من لاشەڕ و قوون‌قورس و کتێبخوێن، ئەویش شەڕانی و چەقۆوەشێن، تەنانەت ناوی تا کۆڵان و گەڕەکە دوورەکانیش ڕۆیشت.”

“هەموو بەیانییەک لە کۆڵانەکەی ماڵی سەرتیپ‌ـەوە دەچم بۆ بازاڕ و سەرکار، ماڵی سەرتیپ دووقاتە؛ جاران یەک‌قات بوو. هەندێک بەیانی هەر دەگەمە بەردەم ماڵیان دێتە دەرەوە، ناکرێت ناو لەمە بنێم ڕێکەوت. «سڵاو کاک سەرتیپ!» «سڵاو کاکە گیان!» گومان دەکەم ناومی بیر مابێت. سەرتیپ لە بەنزینخانەیەک کار دەکات، فیتەرە، ئێواران بە کەنار ئەو بەنزینخانەدا دێمە خوارەوە، هەندێک ئێوارە یەک دەبینین، ناکرێت ناو لەمە بنێم ڕێکەوت. «سڵاو کاک سەرتیپ!» «سڵاو کاکە گیان!» گومان دەکەم ناومی بیر مابێت. پڕ بە دڵ حەز دەکەم لە یەکێک لەو بەیانی یان ئێوارانەدا سەرتیپ ڕاگرم و باسی یەک تا سێی سەرەتایی لەگەڵدا بکەم، بڵێم؛ ئەگەرچی من لە دەفتەرهەڵگر و تەماشاکەرێک زیادتر نەبووم، بەڵام یەکێک بووم لە جەماعەتەکەی تۆ، لایەنگری تۆ بووم، دەمەوێت پێی بڵێم بە ئێستایشەوە بەردەوام بیر لەوە دەکەمەوە، لە کاتی شەڕدا، بەو جەستە خڕیلانە و توندەتەوە، کە سەری زمانت دەهێنایە دەرەوە و گەرم دەبوویت، هەمیشە دەمگوت ڕۆژێک سەری زمانت دەبێت بە بەینی ددانەکانتەوە و دەقرتێت؛ ڕایناگرم، سڵاوێک دەکەین و بە تەنیشت یەکدا تێپەڕ دەبین.”